بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆدەبێتەوە
بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆ ببێتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و دۆخی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: پێنجشەممە 18ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و پرسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
گەیلانی ئاماژەیدا، کە لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی شاندی دانوستانکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە.
