هۆڵەندا.. ئاهەنگێکی جەژنی حانوکا، گرژیی لێ کەوتەوە
بەشداریی گۆرانیبێژێکی ئیسرائیلی لە ئاهەنگێکی جەژنی 'حانوکا' لە هۆڵی کۆنسێرتی ئەمستەردام لە هۆڵەندا، خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی لێ کەوتەوە.
دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕۆژنامەی 'تراو'ـی هۆڵەندی، بڵاوی کردووەتەوە "ئێوارەی یەکشەممە، گرووپێک لە ئەمستەردام بەهۆی ئامادەبوونی گۆرانیبێژێکی ئیسرائیلی لە ئاهەنگێکدا لە هۆڵی کۆنسێرتی ئەمستەردام، خۆپیشاندانیان کرد. لە گۆڕەپانی مۆزەخانەی نزیک لە هۆڵەکە، دۆخەکە گرژیی تێکەوت، کاتێک خۆپیشاندەران بۆمبی دووکەڵییان تەقاندەوە و دروشمی وەک 'شەرمەزاری بۆ هۆڵی کۆنسێرت، دەستتان بە خوێن سوورە' یان دەگوتەوە."
گۆرانیبێژی سوپای ئیسرائیل
بە گوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیس، ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەو پەرژینانەدا تێپەڕیون کە گۆڕەپانەکەی لە بینای کۆنسێرتەکە جیا دەکردەوە و لە ئەنجامدا 22 کەس دەستگیرکران.
پۆلیسی ئەمستەردام لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندووە "دەستگیرکردنەکان بەهۆی پێشێلکردنی یاسای خۆپیشاندانی گشتی، یاسای ناوخۆیی، بەکارهێنانی یاریی ئاگرین، پێنیشاننەدانی ناسنامە و بەرەنگاربوونەوەی پۆلیس، بووە."
پۆلیسی ئەمستەردام، ڕاشیگەیاند "دەستگیرکراوەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دواتر دادگا بڕیار دەدات کە ئایا ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر یان نا."
ناڕەزایەتییەکان بە بۆنەی بەشداریی "شای ئەبرامسۆن" بوو، کە گۆرانیبێژی سەرەکیی سوپای ئیسرائیلە و مشتومڕی زۆری لەسەرە، سەریان هەڵدا. ئەبرامسۆن، لەلایەن دامەزراوەی کۆنسێرتی "حانوکا"وە بانگهێشت کرابوو.
ناڕەزایی و سازش
هەر لە هاوینەوە دەنگی نیگەرانی سەبارەت بە هاتنی ئەم گۆرانیبێژە بەرزبووەوە، کە زۆرجار بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە بۆنە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیلدا دەردەکەوێت. ئیدارەی هۆڵی کۆنسێرتەکە لە هەستیاری دۆخەکە تێگەیشت و داوای لە دامەزراوەکە کرد گۆرانیبێژێکی دیکە هەڵبژێرن. کاتێک دامەزراوەکە ڕەتی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هۆڵەکە بڕیاری دا مۆڵەتی سازکردنی ئەو کۆنسێرتە بە دامەزراوەکە نەدات.
بەڵام لە ناوەندە جوولەکەکانەوە ناڕەزایەتییەکی زۆر دروست بوو، تا ئەوەی مانگی ڕابردوو دوای نێوەندگیری نێوان لایەنەکان، گەیشتنە سازشێک: ئەبرامسۆن لە کۆنسێرتی کراوەی دوای نیوەڕۆدا بەشداری نەکات، بەڵام لە دوو کۆنسێرتە تایبەتەکەی ئێوارەدا، گۆرانی بڵێت.
دادگای ئەمستەردام، پێشتر بڕیاری دابوو "خۆپیشاندان لە نزیک بینای کۆنسێرتەکە، لە نێوان کاتژمێر 6 بۆ 7ی ئێوارە و بە بەشداریی تەنیا 30 کەس ڕێگەپێدراوە."
