مەسرور بارزانی: لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر کردەوە.
سەرۆک وەزیران لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، گوتی: "ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان."
--------------------------------------------
پرسیاری پەیامنێران و وەڵامەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
پەیامنێر: لە کاتێکدا ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە ئەم پێشانگە نێودەوڵەتییە بەڕێوەدەچێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەیەوێت چ پەیامێک بە جیهان بگەیەنێت؟
سەرۆکی حکوومەت:
- ئێمە پێشتر داوەتنامەمان نارد بۆ ئەوەی کە شاندێکی کۆمپانیاکانی ئەمریکی سەردانی هەرێم بکەن و ئەمڕۆ دیارە ئەو شاندە لێرەن و هەر دوای ئەم پێشانگەیەش کۆبوونەوەم هەیە لەگەڵیان. شاندێکن کە لە هەموو سێکتەرەکان دەیانەوێت بێن و لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشتری بازرگانی دروست بکەن، بۆ پەرەپێدانی هەموو کەرتەکان، جگە لە کەرتی وزە، تەماشای شوێنەکانی تریش بکەن.
- هەر وەکوو پێشتریش لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم هەبووە، بۆ فرەچەشنکردن و فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم لە هەموو ڕوویکەوە. بۆیە من خۆشحاڵم کە ئێستا وڵاتانی تر ڕوو لە هەرێم دەکەن، ئەمەش بێگومان زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێم هەیە. سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین، کە کەشێکی وایان ڕەخساندووە، ئێستا وڵاتانی دونیا چاو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پێشخستنی باری ئابووریی هەرێم لێرە، بەڵام بۆ خۆشیان بێگومان سوودمەند دەبن لەو پێشکەوتنەی کە هەیە.
پەیامنێر: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە بە کوێ گەیشتوون؟
سەرۆکی حکوومەت:
- ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت.
- ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان.
پەیامنێر: کەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنرێت؟
سەرۆکی حکومەت: من هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی تریشمان ئامادە بن، هەر وەختەک ئامادەبوون، ئینشائەڵڵا حکوومەت پێک دەهێنین.