چین پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت: ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە هەنگاوێکی گرنگی ناوبرد و جەخت لەوە دەکاتەوە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، بەردەوام بن لە چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند:  چین پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکاری و دڵنیابوون لە پشکنینی ناوندە ئەتۆمییەکان.

هەروەها گوتی:  ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران و بنیادنانەوەی متمانەی هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنەکاندا. دۆخی پرسی ئەتۆمیی ئێران هەستیار و ناجێگیرە. 

لین جیان، جەخت لەوە دەکاتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، بەردەوام بن لە چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەشداریکردن لە گفتوگۆی بنیاتنەر، دوورکەوتنەوە لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە زووترین کاتدا، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن کە نیگەرانییە ڕەواکانی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.

دوێنێ سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە بە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند: ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لێکتێگەیشتنی کۆتاییان سەبارەت میکانیزمی نوێی کارکردن واژۆ کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment