ئەحمەد شەرع: ئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێت

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق، لەبارەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێت.
سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنی ئەمنی گرنگە و پێویستە يێز لەسەروەری ئاسمانی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی بگیرێت، داوای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕەوشی سووریا بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەڕووی ئەمنییەوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بکەون، ئەوە ڕێککەوتنی دیکەی بەدواوە دێت، ئاشکراشیکرد، ئێستا هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە، ئەمەریکاش هیچ فشارێکی لە دیمەشق نەکردووە بۆ ئەو گفتوگۆیە.
شەرع ئاشکرای کرد، دیمەشق و ئیسرائیل زۆر نزیک بوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تەممووزی ڕابردوو، بەڵام ڕووداوەکانی سوەیدا هەوڵەکانی ڕێککەوتنەکەی لەباربرد.
سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: هەڵوێستەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا بۆ یەکپارچەیی و ئارامیی سووریا یەکناگرێتەوە.
هەر لە بارەی پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبووەتەوە، سەرچاوەکانی هەواڵی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، لە کۆبوونەوەکەی لایەنی سووری و ئیسرائیلی بەشداربووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا گەیشتووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا، لەو کۆبوونەوەیەدا، کاڵن و شەرع گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025ـی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردووە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریی و پێشهاتانەی لەناوچەکە هەن، هەر بەپێی زانیارییەکانی سانا، لە کۆبوونەوەی کاڵن و شەرعدا، دووپات لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کراوەتەوە.