غەزال عوزێر: ئەمڕۆ هەموو کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن

بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەموو کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن، گوتیشی: هیوادارین کۆمپانیا ناوخۆییەکان شایستەکانی خۆیان وەربگرن تاوەکوو بەرهەمهێنان زیاتر بکەن و پەرە بەکێڵگەکانیان بدەن.
د.غەزاڵ عوزێر، بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستەکان و کاروباری ئابووری لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی سێ ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان و بازاڕەکانی جیهانی وەستاوە، ئەمەش کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر کۆمپانیا نەوتیە خۆماڵییەکان هەبووە.
گوتیشی: یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی وەبەرهێنان، ئەوەیە کە کۆمپانیایەک پشکی خۆی بە باشترین نرخ بفرۆشێت، کە کۆمپانیا خۆماڵیەکان بە نرخێکی کەمترلە نرخی جیهانی نەوت دەفرۆشن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پارەیەکی کەمتر بێتە دەستیان و وەبەرهێنانیان باش نەبێت، لەبەر ئەوە بڕی بەرهەمهێنانیان کەمتر بووەتەوە.
غەزاڵ عوزێر ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان تەکنیکییە، چونکە ماوەیەکی زۆرە نەوت بە بۆڕی هەناردە نەکراوە، هیوادارین کۆمپانیا ناوخۆییەکان شایستەکانی خۆیان وەربگرن تاوەکوو بەرهەمهێنان زیاتر بکەن و پەرە بەکێڵگەکانیان بدەن. چونکە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت هەم بۆ ئێمە باشە هەم بۆ عێراق.
ڕاشیگەیاند، ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکان چاکسازییەکی باشمان کردووە، کە وەزارەت ڕاستەوخۆ چاودێری کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات، دەشڵێت: پارە مەرجێکی سەرەکییە بۆ کۆمپانیاکان، چونکە یەکێک لە کارەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان ئەوەیە دەبێت بیر لێبدەن، ئەمەش پێویستی بە پارەیە.
غەزاڵ عوزێر باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ هەموو کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن، گوتیشی: بەپێی یاسای بودجە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانەوەی ناوخۆ گل بداتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بینێرێتە بەندەری جەیهان و بفرۆشرێت.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.