ئێران بەرنامەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆ نوێیەکان ئامادە دەکات

حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، بەرنامەیەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "میکانیزمی دەستپێکەر" (trigger mechanism) سەبارەت بە دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئامادە کردووە.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، گوتی: "حکوومەت و دەزگا دیپلۆماسییەکان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ڕێگریکردن لە چالاککردنی ئەم میکانیزمە، بەڵام لە هەمان کاتدا پلانێکی تۆکمە پێشوەختە ئامادەکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆ جۆراوجۆرانەی خراوەتەڕوو، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە پەسەند بکرێت."
موهاجرانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامە نوێیەکە "ئەرکی تایبەت بە هەر وەزارەت و دامەزراوەیەکی حکوومەت دەسپێرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان، بەمەش کەمترین فشار لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت."
سەبارەت بەو پرسانەی لە کۆبوونەوەی حکوومەتدا باسیان لێوەکرا، ڕوونیکردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، ڕاپۆرتێکی لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ نیویۆرک پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا "ئێران ئامادەبوو کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سێ وڵاتی ئەورووپی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا، ئەنجامبدات، بەڵام لایەنی بەرامبەر ڕەتیکردەوە یان بەشداری کۆبوونەوەکانیان نەکرد."
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری موهاجرانییەوە بڵاویکردەوە، "باسەکە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەدا 60 لە بەرامبەر لابردنی تەواوەتی میکانیزمی تریگەر بوو، کە ئەمەش داواکاری ئێران بوو، بەڵام ئەورووپییەکان قبوڵیان نەکرد."
گوتیشی: "لە سەرەتادا لایەنی بەرامبەر پێشنیازی دواخستنی کاراکردنی میکانیزمەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ کرد، بەڵام وەزیری دەرەوە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی بە بێ مانای زانی. لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، ئێمە لە دوا خولەکدا پێشنیازمان کرد کە میکانیزمەکە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ دوابخرێت، بەڵام فشارەکانی لۆبی ئەمەریکا ڕێگری لەم کارە کرد."
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕآشیگەیاند، "ئەوەی ڕوویدا بۆ خەڵک دەیسەلمێنێت کە قسەکانی لایەنی بەرامبەر سەبارەت بە پابەندبوون بە دانوستان جگە لە بانگەشەیەکی درۆ هیچی دیکە نییە و لۆبی ئەمەریکا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی بڕیاردانی ئەورووپا هەبووە، کە سەرەڕای ئامادەنەبوونیان بۆ ئەو کارە هەڵوێستەکانیان گۆڕی و دواجار بووە هۆی گەڕانەوەی سزاکان."