گرووپی 7 داوا لە ئێران دەکات ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بکات

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 7، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد بەبێ دواکەوتن گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن دەست پێ بکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، کە وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا ئیمزایان کردووە، هاتووە "هێشتا دیپلۆماسی دەتوانێت کاریگەریی هەبێت. دەبێت ئێران بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆم هاوکارییەکانی دەست پێ بکاتەوە و ڕێگە بە ئاژانس بدات پشکنینی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاشکرا بکات."
وڵاتانی گرووپی 7، جەختیان لەوە کردەوە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن هەرگیز تاران بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
گرووپەکە هەروا پێشوازیی لە کاراکردنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کردەوە و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد یەکسەر ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن و پێوەی پابەند بن.
دوێنێ، چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم 2025، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نیویۆرک دەربڕی، بەڵام ئەوان قبووڵیان نەکرد و ئامادەی گفتوگۆکە نەبوون."
هەر دوێنێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر 21 دامەزراوە و 17 کەسایەتی ئێرانیدا سەپاند، بەهۆی تێوەگلانییان لە تۆڕەکانی دابینکردنی تەکنۆلۆجیای هەستیاری تایبەت بە بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازیی ئێران.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێران، کارا کردەوە.