ئێران شەش کەسی بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە لەسێدارەدا

ئێران شەش کەسی بەتۆمەتی پەیوەندی بە ئیسرائیل و کردەی تیرۆریستی لە سێدارە دا، ئەمەش دوای ئەوەی دانیان بە پلاندانان و ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆندا ناوە، لەوانە تیرۆرکردنی چوار کارمەندی ئەمنی.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "دوای تەواوکردنی هەموو ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی ڕەزامەندی دادگای باڵا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش تیرۆریستی جوداخواز کە لە ڕێگەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی چەکداری و بۆردومانەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاسایشی پارێزگای خوزستانیان کردە ئامانج، جێبەجێ کرا."
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم تۆڕە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی ئاسایش، لەوانە ئەڵڵانەزەر سەفەری، محەممەد ڕەزا ڕەفیع نەسەب، عەلی ساڵح مەجد و یونس بەحر."
ڕاشیگەیاند، "دانیان بە پلاندانان و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەدا ناوە، وەک دروستکردن و چاندنی تەقەمەنی، تەقاندنەوەی وێستگەیەکی غاز لە خوڕەمشەهر، هێرشی چەکداری بۆ سەر بانکەکان، فڕێدانی نارنجۆکی دەستی بۆ ناوەندێکی سەربازی و تەقەکردن لە مزگەوتەکان."
ئەو تۆڕە کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، جگە لەوەی "ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا هەبوو، لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ ئیسرائیل و پشتیوانییان لە لایەنە بیانییەکان وەرگرتبوو."