لە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت نرخی زەوی و خانووبەرە لە ڕانیە بەرزبووەتەوە
بەهۆی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و هەناردەکردنەوەی نەوت، نرخی زەوی و خانوو لە ڕانیە بەرزبوونەوەی خێرای بەخۆیەوە بینیووە.
زەوی ئەو گەڕەکانەم نیشان دەدات لە ماوەی هەفتەیەکدا، لەڕانیە نرخیان لە دوو هەزار تا 10 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیە لەبواری نەوتدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی، خواستیش بەرز بووەتەوە ، خاوەنی کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێت: ئەگەر 10 ڕۆژ پێشتر ڕۆژانە گرێبەستێکی فرۆشتنمان واژۆ کردبا، ئێستا 10 گرێبەست و بگرە زیاتریش دەکرێت.
محەممەد پردەشاڵی، خاوەن کۆمپانیای خانووبەرە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر ئەگەر ڕۆژانە یەک گرێبەستمان نووسیبێت، ئێستا 10 تا 15 گرێبەست دەنووسین و بگرە زیاتریش، گوتیشی: ئیستا بازاڕ زۆر خۆشە، جوڵەکەش تەنیا لەنێوان مامەڵەکارانی نێوان نووسینگەکان نییە، بەڵکو خەڵکی دەرەوەش سەردانمان دەکەن، هەرکاتیشی دۆخی سیاسیی باش بێت، بازاڕی خانووبەرەش خۆش دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بازاڕی خانووبەرەی خۆش کردووە، کە هەر زەوییەک سێ هەزار تا پێنج هەزار دۆلار بورزبووەتەوە، لەهەندێک شوێن 10 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
لەڕانیە نرخی هەر 200 مەتر زەوی نیشتەجێبوون، لە 20 هەزار دۆلارە دەست پێدەکات تا دەگاتە 200 هەزار دۆلار، ڕێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ زیاتر کاریگەریی لەسەر زەوی نیشتەجێبوون هەبووە تا زەوی بازرگانی، ئەو زەویانەی نرخەکانیان لەنێوان 20 هەزار دۆلار تا 50 هەزار دۆلارە کڕین و فرۆشتن و نرخیشیان زیاتر بەرزبۆتەوە.
ڕێناز ئیسماعیل، مامەڵەکاری خانوو و زەوی گوتی: دوای ئەوەی ڕێککەوتن کراوە، نرخی زەوی بەرزبووەتەوە، ئێستاش لە زۆنە باشەکان بەرزبوونەوەی نرخی زەوی بەردەوامە، دەشڵێت: ئەمجارە بەربوونەوەی نرخ هەموو زەوییەکانی گرتووەتەوە.
لەو چەند ساڵەی کۆتایی هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی کەرتەکانی تر لە هەرێمی کوردستان، کەرتی خانووبەرەش بووژانەوەی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە. ئەو بووژانەوەیە خێراتر دەبێ لەو کاتانەی هاووڵاتیان لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاتر هەست بە دڵنیایی دڵنیایی دەکەن.