پەیوەندی نێوان ڤینسیۆس و ڤێرجینا لە سۆشیاڵمیدیا دەتەقێتەوە
"ڤێرجینا لەبەرخاتری ڤینسیۆس لە هاوسەرەكەی جیابووەتەوە"

پێشكەشكارە ناودارەكەی بەرازیل دوای ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابووەوە، پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ڤینسیۆس دروست كردووە و داوای لە هێرشبەرەكەی ریال مەدرید كردووە هاوڕێ كچە جوانەكانی لە سۆشیاڵمیدیا ئەنفۆڵۆ بكات، لە بەرامبەردا ڤینی داواكارییەكەی جێبەجێ كردووە و بەشێك لە هاوڕێیە كچەكانی لای خۆی سڕیوەتەوە.
ڤێرجینا فۆنسیكای تەمەن 26 ساڵ، پێشكەشكاری كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بەرازیلە، لە ناوەراستی ئەمساڵ جیابوونەوەی لە (زێ فیلیپ)ـی ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی بەرازیلی راگەیاند.
ڤێرجینا مانگی رابردوو گەشتی ئیسپانیای كردووە و لە دوایین یاریی ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە بوو كە تێیدا درێسێكی ڤینسیۆس جۆنیۆر پۆشیبوو، واژۆی یاریزانە بەرازیلییەكەی لەسەر درێسەكەی بوو، سەرجەم وێنەكانی بە درێسی ڤینی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاو كردەوە، ئەمەش بەخێرایی پەیوەندی سۆزداری ئەو دوو بەرازیلییە (ڤینسیۆس و ڤێرجینا) لە سۆشیاڵمیدیا تەقاندەوە، لەو یارییەی ڤێرجینا لە سانتیاگۆ ئامادەبوو ریال مەدرید 3 ـ 1 سەركەوتنی بەدەستهێنا و ڤینیسیۆسیش دوو گۆڵی تۆمار كرد.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا بڵاوی كردووەتەوە، ڤێرجینا داوای لە ڤینسیۆس كردووە هاوڕێ كچەكانی لە سۆشیاڵمیدیا بسڕێتەوە، یاریزانە بەرازیلییەكە بەخێرایی چەندان ئەكاونتی هاوڕێیەكانی لە ئینستاگرام ئەنفۆلۆ كردووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی بەرازیل ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە ڤینسیۆس وازی لە هاوڕێ كچەكەی ماگۆ مازالی هێناوە كە ساڵانێك لەمەوبەر پەیوەندیی سۆزداری لەنێوانیاندا هەبووە، جگە لەمەش پەیوەندییەكانی لەگەڵ راچێل دی ستاسیۆ پچڕاندووە كە پێشتر پەیوەندییان لە نێواندا هەبووە و ئێستا كەوتووەتە داوای خۆشەویستی ڤێرجینای هاونیشتیمانی كە تەمەنی بە ساڵێك لە خۆی گەورەترە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، لەم هاوینە ڤێرجینا لە ئاهەنگی لە دایكبوونی ڤینسیۆس جۆنیۆر ئامادە بووە، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە ڤینسیۆس لەم سەردانەی دوایی بۆ دوبەی دیارییەكی بە 3500 دۆلار بۆ ڤێرجینا كڕیوە جگە لەوەش ڤینی كاتژمێرێكی رۆلێكسی لوكس بە بەهای زیاتر لە 18 هەزار دۆلار بەو هاوڕێ كچەی داوە.

