زیاتر لە 600 منداڵی ئەوروپی لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن

یەک لەسەر سێیان فەرەنسین

K24 - هەولێر

زیاتر لە 600 منداڵی جیهادییە ئەوروپییەکان، کە یەک لەسەر سێیان فەرەنسین، ئێستا لە دوو کەمپی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن.

تۆما رینار و ریک کۆلسایت، دوو پسپۆرن لە بواری جیهادییەکان لە پەیمانگەی ئێگمۆنت لە برۆکسل، لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەی منداڵانی جیهادییە ئەوروپییەکان کردووە و، دوێنێ (چوارشەممە، 28-10-2020) ئەنجامەکەی بڵاوکرایەوە.

دوو لیکۆڵەرەکە لە لێکۆڵینەوەکەیاندا دەڵێن لەنێوان 610 بۆ 680 منداڵای جیهادییە ئەوروپییەکان، ئێستا لە کەمپی رۆژ و هۆل لە سووریا (رۆژئاوای کوردستان) لەگەڵد دایکیاندا دەستبەسەرن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەو منداڵانە لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ دایکیان دەستبەسەرن، کە زۆربەیان لە ریزەکانی رێکخراوی داعش چەکدار بوون.

ئەگەر ئەو منداڵانە لەگەڵ ئەو نزیکەی 400 کەسە پێگەیشتووەی بەشێکیان جیهادی بوون و لە شاری حەسەکە دەستبەسەرکراون ئەژمار بکرێن، نزیکەی هەزار ئەوروپی لەو ناوچەیەی نێوان سووریا و عێراق دەستبەسەرن، بەپێی لێکۆڵینەوەکە کە پشتی بە: داتای فەرمی، مەزەندەکانی شارەزایان و سەرژمێرییەکانی رێکخراوە ناحکومییە مەیدانییەکان بەستووە.

فەرەنسییەکان لە سەرووی لیستەکەوەن بەهۆی زۆریی ژمارەیان، لەنێوان 150 بۆ 200 کەسی پێگەیشتوو و 200 بۆ 250 منداڵی فەرەنسین. لەدوای ئەوانیش، ئەڵمانی، هۆڵەندی، سویدی، بەلجیکی پاشان بەریتانین لەڕووی زۆریی ژمارەیانەوە.

تۆما رینار بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "ئێستا بە چاودێریکردنی رەوشی ئەو دەستبەسەرە ئەوروپییانە، رەوشێکی هاوشێوەی دەستبەسەرکراوانی گوانتانامۆ دەبینین"، داواشی کرد ئەو کەسانە لە دادگاکانی سنووری دەسەڵاتی کورد دادگایی بکرێن.

منداڵەکان بەگوتەی لێکۆڵەرەکە "قوربانیی بژاردەی دایک و باوک، شەڕ، رەوشی سەختی ژیانی نێو کەمپەکانن، هەروەها قوربانیی تەمبەڵیی حکومەتە ئەوروپییەکانن... حکومەتەکانی ئەوروپا زۆر بەباشی ئاگاداری رەوشیانن، بەڵام بژاردەکەیان ئەوەیە نەیانگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان، زۆرجار ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی و دەزگاکانی دژەتیرۆری ئەو وڵاتانەیە".

لێکۆڵەرەکە رەتیدەکاتەوە ئەو منداڵانە وەکو بۆمبی دانراوە بن، ئەگەر گەڕێنرانەوە وڵاتەکانی خۆیان و، دەڵێ "60 بۆ 70٪ـی ئەو منداڵانە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 5 ساڵ، بەنزیکەیی هەموو منداڵەکانی دیکەش تەمەنیان لە 12 ساڵ کەمترە، تەنیا چەند منداڵێکیان گەیشتوونەتە تەمەنی مێرمنداڵی".

 

هـ.ر.