بانکی خوێنی کرماشان داوای خوێن دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی بانکی خوێن لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری لە سەرهەڵدانی قەیرانی کەمبوونەوەی خوێنی لە بانکەکە دەدات و داواکارە لە خەڵکی هەرچی زووە بچنە بنکەکان خوێنببەخشن.
مەریەم میرزادە، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی خوێنی کرماشان ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ڕاگەیاندووە، بانکی خوێن ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپی کەمبوونەوەی خوێنی یەدەگ بووەتەوە، بەهۆیەوە ناتوانن، خوێن بۆ حاڵەتی تایبەت و نەخۆشانی خەوێندراوی نەخۆشخانەکان دابین بکەن.
هەروەها پەیامێکی بە پەلەی ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان کردووە، سەردانی بنکەکانی خوێنبەخشین بکەن بۆ ئەوەی پێویستییەکانی بانکی خوێن پڕ بکرێتەوە.
میرزادە نەیشاردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، ئێستا بانکی خوێنی کرماشان لە دۆخێکی تەواو هەستیاردایە و دەڵێت: ئەو حاڵەتە تایبەت و لە ناکاوانەی ڕووداوەکان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانەکان، زۆرینەیان پێویستیان بەخوێن هەیە، بۆیە نەبوونی خوێنی یەدەگ لە بانک و دواکەوتنی بەخشینی خوێن، دوور نییە کارەساتێکی وای لێ بکەوێتەوە، کە قەرەبوو نەکرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکی خوێن، بەشێوەیەکی زیاتر پێویستی بە گرووپەکانی خوێنی O+ و A+ـە، بەڵام بانکی خوێن لە یەدەگی خوێنی گرووپەکانی A- و AB- و O+ لە خراپترین دۆخی قەیراندایە، بۆیە پێویستی بە هەوڵی بەپەلەی خوێنبەخشەکانە.