حووسییەکان بە تۆمەتی سیخوڕی، کارمەندانی ئەمەریکا دادگایی دەکەن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ستافی ناوخۆیی ئێستا و پێشووی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە یەمەن دەکات لەلایەن گرووپی حووسییەکانەوە.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: 'واشنتن دەستبەسەرکردنی نایاسایی ئەندامانی ستافی ئێستا و پێشووی نوێنەرایەتیی ئەمەریکا لە یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە شەرمەزار دەکات.'
گوتەبێژەکە دەشڵێت: 'دەستگیرکردنی فەرمانبەران و ئەو ڕێوشوێنە ساختانەی لە دژیان دەگیرێتەبەر، بەڵگەن بۆ ئەوەی حووسییەکان پشت بە تیرۆر دەبەستن دژی گەلی خۆیان، وەک ئامرازێک بۆ مانەوە لە دەسەڵات.'
ڕۆژی یەکشەممە گرووپی حووسییەکان دادگاییکردنی 13ڕفێندراوی خەڵکی شاری سەنعایان بە تۆمەتی 'سیخوڕیکردن بۆ هەواڵگریی ئەمەریکا' دەستپێکرد. ئەمەش تەنیا چەند ڕۆژێک دوای دادگاییکردنی خێرای 19ڕفێندراوی دیکە هات، کە 17 کەسیان بە هەمان تۆمەت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لەنێو ئەوانەی دادگایی دەکرێن، سێ کارمەندی پێشووی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن و شەش کارمەندی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونیان هەیە، کە ساڵانێکە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی و بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکانیان، دەستبەسەر کراون."
