شەیبانی: تێكه‌ڵنه‌بوونی هەسەدە به‌ سوپای سووریا کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی سووریا، لە نوێترین لێدوانیدا باسی لە چەند دۆسیەیەکی ناوخۆیی و هەرێمی کرد، لە وانە دۆخی سوەیدا، پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئیسرائیل.

لەبارەی پرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتوون، پرسی هەسەدە تەنیا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10 ئادار چارەسەر دەبێت. هۆشداریشی دا، یەکنەگرتنەوەی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی سووریا کێشەکان قووڵتر دەکات، بۆیە ئەو یەکگرتنەوەیە دەبێت دەستبەجێ بکرێت.

شەیبانی باسی لەوەش کرد، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ڕۆڵێکی کارای هەبێت. گوتیشی: هەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەبێت و لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان ڕێگری دەکات.

شەیبانی هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و گوتی: هەر جۆرە دابەشکارییەک یان فیدراڵییەک ڕەت دەکەینەوە و هیچ گفتوگۆیەک و دانوستانێکی لەسەر ناکەین.

سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگای سوەیدا، شەیبانی ئاماژەی دا، پرسی سوەیدا برینێکی ساڕێژنەبووی سووریایە و ئەوەی ڕووی دا ویستی حکوومەتی سووریا نەبوو. گوتیشی: هاوبەشەکانیان بەو نەخشەڕێگایەی حکوومەتی دیمەشق پێشکەشی کردووە ڕازی بوون و لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان دامەزراندووە. ده‌شڵێت: ئێمە لەم پرسەدا پێشکەوتنی باشمان بەدەست هێناوە و هەستی نیشتمانپەروەریمان گەڕاندووەتەوە.

هاوکات شەیبانی داوای لە کەسایەتییە نێودارەکان و زانایانی ئایینی و دانیشتووانی سوەیدا کرد، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بکەن و جەختیشی کردووەتەوە، لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین، چونکە کێشەیەکی ناوخۆییە، بەڵام کاتێک ئەم پرسە بە نێودەوڵەتی کرا، خزمەتی ئەجێنداییەکی دیاریکراو کرا.

هەروەها لە باره‌ی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، ئەو وڵاتە دەیەوێت دۆخی سووریا بقۆزێتەوە و دۆخێكی نوێ بسەپێنێت، ئەم کارانەی ئیسرائیلیش دەبێتە ناسه‌قامگیری لە سووریا و ناوچەکە زیاتر دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment