ناتانیاهۆ کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتی بارمتەکان دهبهستێتهوه

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی دەرکردووە بەوەی دەروازەی ڕەفەح تا کاتێکی نادیار نەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە، تاوتوێی کردنەوەی دەروازەکە دەکرێت بەپێی ئەو پابەندییەی حەماس نیشانی دەدات لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، بەتایبەتی لە گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەكان و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی ئیسرائیل و حەماس لەسەری ڕێککەوتوون.
ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت کە پێشتر باڵیۆزخانەی فەڵەستین لە میسر ڕایگەیاندبوو، دەروازەی ڕەفەح ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دەکرێتەوە و ڕێگە بە فەڵەستینییەکانی نیشتەجێی میسر دەدات بگەڕێنەوە غەززە.
پێشتر، نووسینگەی دەستەی هەماهەنگیی کاروباری حکوومەتی ئیسرائیل (COGAT) گوتبووی، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە هەماهەنگیی لەگەڵ میسر کراون، بەڵام تەنیا بۆ تێپەڕبوونی هاووڵاتییان، نەک بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان.
لە کاتێکدا کەرتی غەززە لە ماوەی دوو ساڵی شەڕدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی توند دەبوویەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەردەوام داوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحیان دەکرد.
دەروازەی ڕەفەح یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکان کە غەززە بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە. دووبارە کردنەوەی ئەم دەروازەیە هەنگاوێکی گرنگە لە کاتێکدا بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە زۆر خراپە.