مەسرور بارزانی: پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت، گوند و ناوچە سنوورییەکانمان ئاوەدان دەکەینەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی لە دێرەلووک کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە سنووری ئامێدی، نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی کردەوە.

پێشتر سەرۆکی حکوومەت لە 7ـی ئەیلوولی 2020، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بەردی بناغەی نەخۆشخانە و كۆمه‌ڵگه‌ی تەندروستی هێتیتی لە پارێزگای دهۆک دانا.

کاتی دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی شۆڕش هێتیت، پەتای کۆرۆنا لە کوردستان و جیهاندا بەربڵاوبوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام حکوومەت بەگوێرەی توانای دارایی بەردەست، لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە و نەوەستاوە.

گوتیشی: ئامانجی حکوومەت ئەوەیە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دەڤەرەکانی کوردستان بکات.

نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش ھێتیت، نەخۆشخانەیەكی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یە و لەسەر ڕووبەری 43 هەزار مەتری دووجا بە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و دەكەوێتە نێوان دێرەلووك – شێلادزێ، هەروەها 25 پزیشکی پسپۆری نەخۆشییە جیاوازەکان بە نوێترین ئامێر و پێداویستیی پزیشکی و تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکە خزمەت دەکەن.

نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش ھێتیت یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و خزمه‌تێكی زۆر به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و بۆشایی كه‌می خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی له‌ ناوچه‌كه‌ پڕ ده‌كاته‌وه و بەشێوەیەکی گشتیی زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتیی نیشتەجێی سنووری ئامێدی دەتوانن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە سوودمەند بن‌.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment