هەفتەی داهاتوو هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و چین کۆدەبنەوە

شی جین پینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
شی جین پینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ترەمپ و شی جین پینگ، لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە کۆریای باشوور بەڕێوە دەچێت.

پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کوشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، شی جین پینگ، کۆببێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکەن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکەی ترەمپ و شی جین پینگ لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، لە کۆریای باشوور بەڕێوە دەچێت.

کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات تا دێت زیاتر دەبێت و پەیوەندییەکانیان لەوپەڕی خراپی دان.

 

"دیداری نێوان ترەمپ و پوتن هێشتا ئەگەری هەیە بەڕێوە بچێت"

گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە دیداری نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا، گوتی: دیداری نێوان ئەو دوو سەرۆکە لە بەرنامەی کار لابراوە.

هاوکات نەیشاردەوە، دیداری نێوان ترەمپ و پوتن هێشتا ئەگەری هەیە بەڕێوە بچێت، بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و تەواوی ئیدارەکەی پێیان باشە ئەمە ڕوو بدات، بەڵام بە مەرجی هەبوونی دەرئەنجامێکی بەرجەستە و ئەرێنی کە سوودی بۆ هەردوو وڵات هەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، دیدارەکەی لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا هەڵوەشاندووەتەوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment