سەربەست لەزگین: خەڵکی شێخان بەڵێنیان بە شێخ عەبدولسەلام بارزانی داوە بەیەکەوە وەک برا بژین
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک ڕایگەیاند: بەر لە 117 ساڵ خەڵکی دەڤەری شێخان بەڵێنیان بە شێخ عەبدولسەلام بارزانی داوە بەیەکەوە وەک برا بژین.
شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیومکراتی کوردستان لە دهۆک، لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شێخان کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی بەڕێوە چوو، گوتی: دەڤەری شێخان، دەڤەری پێکەوەژیانە، مێژوویێکی دوورودرێژی لە قوربانیدان هەیە، سەدان کادیر و فەرماندەی قارەمان لەو دەڤەرە هەڵکەوتوون و گیانی خۆیان پێشکەشی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان کردووە.
سەربەست لەزگین گوتی: دەڤەری شێخان، 117 ساڵ پێش ئێستا وەک یەکەم دەڤەری بادینان لە مێژوودا، میر و گەورە و پیاوماقووڵانی کۆبوونەوە و بەڵێنیان بە شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا، یەکگرتوو بن و تەبایی لەنێو ڕیزی گەلی کوردستاندا لە دەڤەری بادینان، بەهێز بکەن.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیومکراتی کوردستان لە دهۆک گوتی: ئێمە شانازیی بەوە دەکەین کە دەڤەرەکە، شوێنی ژیانی ئایینە جیاوازەکانی ئێزدی و موسڵمان و مەسیحییە، وەک برای یەکتر، جیاواز لە تەواوی دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوانیان زۆر بەهێزتر دەکەن.
