نوێنه‌رێكی پوتن: ئەورووپا خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی

سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێی وایە کۆمەڵگەی یەکێتیی ئەورووپا لە داهاتوودا دەبێتە کۆمەڵگەیەکی تەواو ئیسلامی؛ هاوکات دەشڵێت، ڕێگرینەکردنی یەکێتیی ئەورووپا لەو لێشاوەی کۆچبەران دەبێتە هۆی لە نێوچوونی ئەورووپا.

کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان و هاریکاریی ئابووریی لەگەڵ وڵاتان و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێی وایە کۆمەڵگەی ئەورووپا بەرە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی هه‌نگاو ده‌نێت.

هەروەها لەبارەی ناکۆکییەکانی ئەورووپا لەگەڵ ڕووسیا گوتی: گرەو دەکەم %99.99 خەڵکی ئەمەریکا ئەو ڕاستییە نازانێت، کە ناتۆ زیاتر لە جارێک داوای لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە ببێتە ئەندام لەو هاوپەیمانییە.

سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا سەبارەت بە ئابووریی وڵاتەکەی ئاماژەی دا، ئابووریی مۆسکۆ بە ڕێژەی 4% زیادی کردووە، لە کاتێکدا ئابووریی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بە ڕێژەی کەمتر لە 1% گەشەی کردووە.

کیریل دمیتریێڤ ده‌شڵێت: ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا به‌رده‌وام ده‌رگای بۆ كۆچبه‌ران كراوه‌ بێت، دەبێتە هۆی خۆکوژی ئەورووپا.

دوینێ هەینی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا سەردانی واشنتنی کرد، جەختی لەوەکردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبێت. باسی لەوەش کردبوو، هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا هەوڵیانداوە بۆ کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها هەنگاوە نادۆستانەکانی ئەم دواییەی واشتن بە سەپاندنی سزا بە سەر ڕووسیادا، بەڵام هێشتا دەرگای گفتوگۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بە تەواوی دانەخراوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment