پەکەکە ڕایده‌گه‌یه‌نێت سبه‌ی هه‌نگاوێكی نوێ له‌ باره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتییه‌وه‌ ده‌نێت

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردووەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و بانگەوازی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، سبەی ئەو پارته‌ "هەنگاوێکی مێژوویی" دەنێت.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویان کردەوە، سبەی یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئه‌و پارته‌ لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، هەنگاوێکی نوێی مێژوویی دەنێت. باسیان لەوەش کردووە، پەکەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم "هەنگاوە مێژووییە" بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکات.

ئەم هەنگاوەی پەکەکە، دەکەوێتە پێش دیداری شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە لەم چوارچێوەیەدا پێش کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە 30ـی تشرینی یەکەم، سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە 5 تاوه‌كوو 7ـی ئایاری ئەم ساڵ، دوازده‌مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پەکەکە لە مەراسیمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دووکان چەکی دانا.

لە مەراسیمی چەکدانانەکەدا، 30 ئەندامی پەکەکە کە 15ـیان ئافره‌ت و 15ـیان پیاو بوون و لە ناویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هەبوو، چەکەکانیان سووتاند.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment