ترەمپ لە ڕێگه‌ی گەشتەکەی بۆ ئاسیا لە قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە

بەرپرسان کۆشکی سپی ڕایانگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی بۆ ئاسیا لە کاتی پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە، لەگەڵ میر و سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، فڕۆکەکە لە قەتەر بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی دەنیشێتەوە.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژەشیان داوە، فڕۆکەی (Air Force One) لە کاتی پڕکردنەوەی سووته‌مه‌نیدا لە بنکەی ئاسمانی عودەیدە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر دەچنە نێو فڕۆکەکە و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، لە کۆبوونەوە ڕانەگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاش بەشداریی تێدا دەکات، کە تازە لە گەشتێکی ئیسرائیل گەڕاوەتەوە وەک بەشێک لە هەوڵێکی دیپلۆماسی هەمەلایەنەی واشنتن بۆ پتەوکردنی ئاگربەستی غەززە.

دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بۆ یەکەم جارە گەشت بۆ ئاسیا دەکات و لە کارنامەکەیدا بەشداریی دوو لووتکەی هەرێمی دەکات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و سه‌رۆك و سەرکردەکانی دیکە، کە ڕەنگە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بێت، کۆدەبێتەوە.

قەتەر لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە، هاوکات لەگەڵ میسر، ئەمەریکا و تورکیا گەرەنتی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززەیان كردووه‌.

دۆناڵد ترەمپ لە دەستپێکی گەشتەکەی بۆ ئاسیا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، کیم جۆنگ ئون دەزانێت ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین و بە تەواوی و لە 100% بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو سەرۆکە ئامادەیە.

ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ ئاسیا دەچێتە ژاپۆن و مالیزیا، هەروەها گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ لە کۆریای باشوور دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ پەکین. جەختیشی کردەوە، کێشەی تایوان لە نێو ئەو بابەتانەدا دەبێت کە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی باسی لێوە دەکات. هەروەها دەبێت جیمی لەی، میدیاکار کە لە هۆنگ کۆنگ زیندانی کراوە، ئازاد بکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment