پرۆژەیەکی گەورە و هاوچەرخی ئاژەڵداری لە هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "مێگەل" (Megal) کردەوە، کە بە شۆڕشێک لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دادەنرێت. ئەم پرۆژە ستراتیژییە بە گوژمەی نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 960 هەزار مەتر دۆنم زەوی جێبەجێ کراوە.

پرۆژەکە لە دوو قۆناغ جێبەجێ کراوە، لە قۆناغی یەکەمیدا وەک یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی ئاژەڵداری لە ناوچەکەدا، باشترین ژێرخانی بۆ هێنان، بەخێوکردن، سەربڕین و بە بازاڕکردنی ئاژەڵ لەخۆگرتووە.

نەزیر مامەند، بەڕێوەبەری پرۆژەکە، بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، پرۆژەکە توانایەکی بەرهەمهێنانی بەرچاوی هەیە.ڕۆژانە لە یەک شەفتی هەشت کاتژمێریدا توانای سەربڕینی 3 هەزار سەر مەڕ و 400 سەر گۆلکمان هەیە، کە دەتوانرێت ئەم ژمارەیە دوو هێندە بکرێت. پلانی داهاتوومان ئەوەیە گۆشت بۆ سەرتاسەری عێراق دابین بکەین و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا دەست بە هەناردەکردنی گۆشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەین.

پرۆژەی مێگەل بە نوێترین تەکنۆلۆژیای سەردەم کار دەکات و خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتییە. هەروەها، پرۆژەکە لەسەر دەستی کرێکار و ئەندازیاری ناوخۆیی دروستکراوە و هەلی کاری بۆ هەزاران کەس ڕەخساندووە.

کردنەوەی ئەم پرۆژە گەورەیە سەرنجی بازرگانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی ڕاکێشاوە. شێخ نایف کوبەیسی، بازرگانێکی عەرەب، ستایشی پرۆژەکەی کرد و گوتی: ئەم پرۆژە سەرکەوتووە شتێکی نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا. هیوادارین بتوانین سوود لەم ئەزموونە وەربگرین و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای ئەنبار دووبارەی بکەینەوە.

ئامانجی سەرەکی لە پرۆژەی مێگەل، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، کە تێیدا بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی ئاژەڵ بێتە ئاراوە و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی گۆشت بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و جیهان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment