هاووڵاتییانی بابل: شارە مێژووییەکەمان لە خزمەتگوزاری بێبەشە و لەناو خۆڵ و تۆزدا دەژین

پارێزگای بابل، شاری حاموڕابی و لانکەی یەکەم یاسا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمڕۆ لەژێر باری کەمتەرخەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەناڵێنێت. سەرەڕای مێژووە دێرین و شارستانییەتە شکۆدارەکەی، بابل ئێستا وەک دووەم هەژارترین پارێزگای عێراق پۆلێن کراوە، کە %20ـی دانیشتووانەکەی نەخوێندەوارن و %35ـیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.

ژمارەیەک دانیشتووانی ئەو پارێزگایە بۆ پەیامنێری کوردستان 24 قسەیان کردووە، کە گلەیی و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە دۆخی شارەکەیان دەربڕیوە. هاوکات شەقام و کۆڵانەکان پڕن لە خۆڵ و خاشاک و پرۆژە تەواونەکراوەکان، کە بووەتە هۆی بێزارییەکی زۆری دانیشتووانەکەی.

سەمیر حاسم، یەکێک لە هاووڵاتییان، دەڵێت: "کار و کاسبی لەم شارەدا نییە. لە پێنجی بەیانییەوە دێمە سەر کار تا ئێوارە، پارەکەی بەشی ژەمە خواردنێکیش ناکات بۆ ماڵەوە؛ من دەرچووی زانکۆم و دانەمەزراوم، مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیشم نییە."

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عەلا یاسر ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی عێراق گۆڕانکارییان دەوێت و جوانکردنی شاریان دەوێت، سەوزایی و ڕازاندنەوەی شەقامەکانمان دەوێت؛ دەشڵێت: برۆ سەیری هەولێر بکە، دەڵێیت وڵاتێکی دیکەیە، ئەوەندە خۆشە دەڵێیت بەهەشتە. ئێمە لێرە خۆڵ و تۆز دەمانکوژێت.

ئەم دۆخە نالەبارە تەنیا لە بێکاری و پیسیدا کورت نابێتەوە. خدر دەمرود، هاووڵاتییەکی بەتەمەنە و دەڵێت: حکوومەت کار بۆ هاووڵاتی ناکات. ئەم خۆڵە دەبێتە تۆز و دەچێتە قوڕگمانەوە. ئاو و کارەبامان نییە. چەندین ساڵە ئەمە حاڵمانە."

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە، گەندەڵی و بەفیڕۆدانی بودجەیە. پرۆژەی ئاوەڕۆی یەکگرتوو، کە دەبووایە ئاوەڕۆی هەموو گەڕەکەکانی شارەکەی پێکەوە ببەستایەتەوە و بودجەکەی 48 ملیار دینار بوو، ماوەی 10 ساڵە بە هۆکارێکی نادیار ڕاگیراوە.

سەیف باسم، یەکێک لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە، ئیدارەی خۆجێی بە هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەکان دەزانێت و دەڵێت: "بەهۆی لاوازیی ئیدارەی خۆجێیی و گەندەڵییەوە پرۆژەکان دواکەوتوون. ئەم شەقامە سێ جار بودجەی بۆ تەرخانکراوە و چاکنەکراوە."

لە کاتێکدا شارەکە لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بێبەشە، شوێنەوارە مێژووییەکەشی ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. ڕێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی 2020ـدا شوێنەواری بابلی خستە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە و بڕی 200 ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان کرد، بەڵام تا ئێستا تەنیا 20%ی ئەو پارەیە خەرج کراوە. یونسکۆ هۆشداری داوە کە ئەگەر تا ساڵی 2026 تەواوی پارەکە خەرج نەکرێت، شوێنەواری بابل لە لیستەکە دەردەکرێت.

دۆخی نالەباری بابل وای کردووە کە گەنجە خوێندەوارەکانیشی بێکار بن. سامر حەیدەر، کە دەرچووی ئەندازیارییە، دەڵێت: "حاڵی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەمووی خراپە. من دەرچووی ئەندازیاریم و کرێکاری دەکەم، چونکە دامەزراندن نییە."

هاووڵاتییانی بابل، کە میراتگری یەکێک لە کۆنترین شارستانییەتەکانی جیهانن، ئێستا داوای سەرەتاییترین مافەکانی ژیان دەکەن و چاوەڕوانی هەنگاوێکی کردەیین لەلایەن حکومەتەوە بۆ باشترکردنی دۆخی شارەکەیان.

پارێزگای بابل یەک ملیۆن دانیشتووی هەیە، بۆ ساڵی 2025 لە بودجەی شارەکە 444 ملیار دینار بۆ کەرتی وەبەرهێنان دیاری کراوە، لەو بڕە پارەیەش 15% بۆ 20%ـی خەرج کراوە. قەبارەی گەندەڵی و سستیی جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بە درێژایی چەندین ساڵ، تووڕەیی و نیگەرانیی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 
Fly Erbil Advertisment