دوای کوژرانی زیاتر لە 100 هاووڵاتی؛ ئیسرائیل ئاگربەستی لە غەززە ڕاگەیاندەوە

گریانی ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینی لە غەززە بۆ کوژرانی دوو منداڵ (وێنە: AFP)
گریانی ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینی لە غەززە بۆ کوژرانی دوو منداڵ (وێنە: AFP)

دوای ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 100 هاووڵاتی لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان کوژران؛ ئیسرائیل ئاگربەستی شەڕی ڕاگەیاندەوە. 

درەنگانی شەوی ڕابردوو (سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025)، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەند ناوچەی شارەکانی غەززە، خانیونس، رەفەح و دێرلبەلەح لە کەرتی غەززە. 

ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، لە 10ـی ئەم مانگە، هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر کەرتەکە. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 100 هاووڵاتیی فەڵەستینی کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەت بوون، کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە، (28ـی تشرینی یەکەمی 2025)، چەکدارەکانی قەسسام (باڵی سەربازیی حەماس) لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە هێرشیان کردبووەوە سەر خاڵێکی سوپا و سەربازێکیان لە ئەنجامی شەڕەکەدا کوژراوە، بۆیە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەیان، هێرشیان کردووەتەوە سەر کەرتەکە. 

سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردووەتەوە، حەماس ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێلکردووە، بۆیە لە هێرشەکانیاندا چەندان پێگە و شوێنی مانەوەی چەکدارەکانی قەسسامیان کردووەتە ئامانج و دەیان چەکدار و چالاکوانی حەماسیان کوشتووە؛ بەڵام تا ئێستا بزووتنەوە فەڵەستینییەکە، بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی هیچ فەرماندەیەکی سەربازی و سیاسیی خۆی ڕانەگەیاندووە. 

حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کردووە و بە پێشێلێکردنی ڕوونی ئاگربەستی شەڕی ناو بردووە. هاوکات، داوا لە وڵاتانی ناوبژیوان، بە تایبەت قەتەر، میسر و ئەمەریکا دەکات، سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دابنێن. 

حەماس لە قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپدا، 20 بارمتەی زیندوو و تەرمی 17 بارمتەی ڕادەستی ئیسرائیل کردووەتەوە. بزووتنەوەکە جەختی کردووەتەوە، تەرمی هەندێک بارمتەی دیکەی دۆزیوەتە، بەڵام لەبەر پێشێلکارییەکان، جارێ ڕادەستیان ناکاتەوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment