سەرۆکانی چین و ئەمەریکا لەبارەی پرسی ئابووریی و بازرگانی کۆدەبنەوە
وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاویکردەوە، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووری و هاوکاری وڵاتانی ئاسیا و زەریا هێمن، شی جین پینگ سەرۆکی چین لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبونەوەیەکی گرنگ لە بارەی ئابووریی و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، سبەی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری و هاوکاری وڵاتانی ئاسیا و زەریا هێمن، کە لە کۆریای باشوور بەڕێوە دەچێت، بڕیارە شی جین پینگ سەرۆکی چین لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، کۆبونەوەیەکی گرنگ بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو سەرۆک گفتوگۆی قووڵ لە بارەی پرسی ئابووری و بازرگانی دەکەن، هەروەها تەوەری سەرەکی گفتوگۆکەشیان لە بارەی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئابووری نێوان پەکین و واشنتن دەبێت.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ شی جین پینگ کرد، باسمان لە زۆر بابەتی گرنگی وەک، بازرگانی، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ڕێککەوتنی تیکتۆک کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشیداوە، لەگەڵ سەرۆکی چین هاوڕا بوون لە کۆڕبەندی ئاسیا و زەریای هێمن لە کۆریای باشوور کۆببنەوە. گوتیشی: دەمەوێت لە ساڵی داهاتوو لە کاتێکی گونجاو بڕۆمە چین و شی جین پینگیش بێتە ئەمەریکا.
لە کۆتاییدا، ترەمپ نووسیویەتی: ڕێککەوتن لە بارەی تیکتۆک بەرز دەنرخێنم.
بەگوێرەی میدیاکانی چین، شی پەیوەندییەکەی بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسف کردووە، هەروەها بە ترەمپی گوتووە: "پێویستە ئەمەریکا خۆی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنەی سنووردارکەری بازرگانی بە دووربگرێت، کە لەوانەیە زیان بە هەردوولا بگەیەنێت.
سەرۆکی چین ئاماژەشی داوە، کێشەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆوە و لەسەر بنەمای "یاساکانی بازاڕ" چارەسەر بکرێت.
