دەیان فەرماندەی هەسەدە ئامادەکراون بۆ تێکەڵبوون بە سوپای نوێی سووریا

لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لیستێکی فەرمی پێشکەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، ناوی ئەو فەرماندە و یەکە سەربازییانەی تێدایە کە بڕیارە تێکەڵ بە سوپای نوێی سووریا بکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی "نۆرس پرێس"، لیستەکە ناوی نزیکەی 70 فەرماندەی باڵای هەسەدەی تێدایە کە ڕۆڵی دیاریان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعشدا هەبووە.

پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە بەم شێوەیە دەبێت:

 سێ فیرقەی سەرەکیی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێن، لە ناوچەکانی جەزیرە، فورات و دێرەزوور جێگیر دەبن.
سێ لیوای تایبەتی هەسەدە دەخرێنە ژێر فەرمانی ئەرکانی گشتیی سوپای سووریاوە.
سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە 30٪ی پۆستەکانی ئەرکانی گشتیی نوێی سووریا بەر فەرماندەکانی هەسەدە دەکەوێت.
یەکێک لە لیوا تایبەتەکان، تایبەت دەبێت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆر و بە هەماهەنگیی هاوپەیمانان لەسەرانسەری سووریا کار دەکات.

 مەزڵوم عەبدی، پێشتر ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان "بەشێکی بەهێزی سوپای نوێی سووریا پێکدەهێنن" و یەکەکانی دژەتیرۆریش کارەکانیان بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕۆژئاواش پشتڕاستی کردووەتەوە، هەسەدە لیستەکەی پێشکەش کردووە و هیوای خواستووە پڕۆسەی یەکگرتنەوەکە "بەم زووانە" ڕووبدات.
لە لایەکی دیکەوە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو، هەسەدە "توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ سوپای سووریادا هەیە" و ڕێزێکی زۆریان لێدەگرن.

شاندێکی سەربازیی هەسەدە لە 13ـی تشرینی یەکەمدا سەردانی دیمەشقیان کردبوو. سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، ڕایگەیاندبوو، گەیشتوونەتە "لێکگەیشتنی زارەکی" بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی واژۆ نەکراوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment