پاکستان؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک، شەش سەرباز کوژران
لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک بە ئۆتۆمبیلێکی هێزە ئەمنییەکانی پاکستاندا، شەش سەرباز کوژران و 14ـی دیکەش بریندار بوون.
چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی پاکستانەوە بڵاوی کردەوە "بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی کوڕەم لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان و نزیک لە سنووری ئەفغانستان، مینێک بە ئۆتۆمبیلێکی هەڵگری هێزە ئەمنییەکانی پاکستاندا تەقییەوە و لە ئەنجامدا شەش سەرباز کوژران و 14ـی دیکەش بریندار بوون."
تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆیان لەو تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە.
دوێنێ، سێشەممە، گرووپی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشێک لە هەمان ناوچەدا ڕاگەیاند، کە تێیدا سێ سەربازی پاکستانی کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
پاکستان، حکوومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان بە پاڵپشتیی گرووپی تەحریک تاڵیبانی پاکستان تۆمەتبار دەکات و بەو هۆیەوە بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕوو دەدات.
چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی حکوومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، سوپای پاکستان جارێکی دیکە بە چەکی مامناوەند و قورس هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی سەپین بۆڵدەک لەسەر سنووری هەردوو وڵات، لە ئەنجامدا 12 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی هیچ چەکدارێکی تاڵیبان بکات.
جەختی لەوەش کردەوە، دوای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سوپای پاکستان، ئێستا ناوچەکە ئارام و بێدەنگە و هیچ مەترسیەک بۆ سەر گیانی خەڵکی مەدەنی نەماوە.
