تۆکیۆ و واشنتن بە هاوبەشی پەرە بە بەرهەمهێنانی مووشەک دەدەن
شینجیرۆ کۆیزومی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن ڕایگەیاند، تۆکیۆ و واشنتن نیازپاکیان دووپاتکردووەتەوە لەسەر دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی هاوبەشی مووشەک و ئەنجامدانی پشکنین و چاککردنەوەی هاوبەش بۆ کەشتی و فڕۆکە جەنگییە ئەمەریکییەکان.
وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسیت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"هەماهەنگی لە بواری پڕچەککردن و تەکنەلۆجیادا، بابەتێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا."
جەختیشی کردەوە، بەهاوبەشی ژاپۆن بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی مووشەک و چەک و چاککردنەوە و پشکنینی کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا.
هەر لە بارەی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات، وەزیری جەنگی ئەمەریکا و بەرگریی ژاپۆن کۆبوونەوەیەکیان کردووە، بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن، بە تایبەت لەبواری پیشەسازی سەربازییدا.
هەروەها دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی یۆکۆسۆکای ژاپۆنەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەم هەفتەیە یەکەمین کاروانی مووشەکەکانی تایبەت بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-35 ڕادەستی تۆکیۆ دەکات.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، ترەمپ لەچوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئاسیا گەیشتە تۆکیۆ و لەگەڵ سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی نوێی ژاپۆن کۆبووەوە، لەدوای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دڵخۆشی خۆی بە سەردانەکەی ترەمپ ڕاگەیاند و گوتی: دەیەوێت سەردەمێکی نوێی زێڕینی هاوپەیمانی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن ڕابگەیەندرێت کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 26ـی ئەم مانگە، گەشتەکەی بۆ ئاسیا دەستپێکرد، دوای مالیزیا، سەردانی هەر یەک لە ژاپۆن و ئەمڕۆکەش سەردانی کۆریای باشووری کردووە و بڕیارە سبەی پێنجشەممە کۆتایی بە گەشتەکەی بێنێت و بگەڕێتەوە ئەمەریکا.
