بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا و دۆخی غەززە دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردوو

دوو دیمەنی ئەمڕۆی غەززە و باشووری لوبنان (AFP)
دوو دیمەنی ئەمڕۆی غەززە و باشووری لوبنان (AFP)

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنان بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل داوای لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس دەکات. 

لە نوێترین ڕووداودا، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکدا لە باشووری لوبنان، حوسێن عەلی، بەرپرسی پاڵپشتی لۆجستییەکانی کەرتی "قایا" حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج و کوژراوە.

 بە گوتەی ئەدرەعی، ئەو سەرکردەیەی کوشتوویانە، کەسایەتییەکی گرنگ بووە لە بەهێزکردنی توانای سەربازیی حزبوڵڵا لەو ناوچەیەدا. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کردەوانەی ئیسرائیل تەنیا بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەیە، لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە سەریان و ئیسرائیل لە هەر شوێن و کاتێکدا هەڕەشە لەسەری هەبێت، وەڵامی دەبێت.

شایانی باسە، مانگی 9ی ساڵی 2024، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا ڕاگەیەندرا، بەڵام تاوەکو ئێستا گرژییەکانی نێوانیان بەردەوامە. 

لەو ماوەیەشدا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 365 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی لوبنان کوژراون. حکوومەتی لوبنانیش داوای لە ئەمەریکا کردووە، ئیسرائیل ناچار بکات هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان ڕابگرێت، چونکە لایەنی لوبنانی بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنی نێوانیان بووە.

ڕووداوەکانی کەرتی غەززە و "پێشێلکردنی" ئاگربەست لە لایەن حەماسەوە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2025، چەکدارانی حەماس سەربازێکی ئیسرائیلییان کوشتووە و ئاگربەستیان شکاندووە.

 لە هەمان ڕۆژدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دژی حەماس دەرکرد. بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەبارەت بەم بارودۆخە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2025، ئیمیتار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام، ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگرتووە و پابەندی ئاگربەست دەبن. 

بن غەفیر ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی حەماس جارێکی دیکە ئاگربەستی شکاند و سەربازێکی سوپای ئیسرائیلی کوشت، بەڵام ئیسرائیل پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکانیش بەردەوامی هەیە. 

بن غەفیر جەختیشی کردەوە، بە هۆی مانەوەی حەماس لە دەسەڵات و پێگەی خۆیدا، حکوومەتی ئیسرائیل خەریکە مافی حووکمڕانی خۆی لە دەست بدات، بۆیە دەبێت حەماس لە ناو ببرێت.

 
Fly Erbil Advertisment