ئاری ئەحمەد: بەم نزیکانە قۆناغی یەکەمی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر تەواو دەبێت

بڕیارە لەم نزیکانە پڕۆژەی ریسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر ته‌واو بکرێت، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان و ئاوەکە دوای ریسایکلین کردن جارێکی دیکە بۆ ئاودانی سەوزایی هەولێر بەکاربهێنرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی، 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: لە قۆناغی یەکەم تەواوی ئاوەڕۆی 120مەتری نامێنیت، دواتر لە ڕێگەی چەند هێڵکەوە هەمووی دەگوازرێتەوە وێستگەی سەرەکی، هەروەها ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم قۆناغی یەکەمی پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت.

راشیگەیاند، پرۆژەکە ئاوەڕۆی شاری هەولێر لەنزیک شەقامی 120مەتری کۆدەکاتەوە و بە فلتەر دەیپاڵێوێت، ئەوەش وادەکات ئاوەکە جارێکی دیکە بەکاربێت بۆ مەبەستی جیاواز، تەنانەت دەتوانن بۆ ئاودێری پشتێنەی سەوزی هەولێر سوود لەو ئاوە وەرگرن.

هەروەها گوتی: بۆ ئاودێری کشتوکاڵ و ئاودانی باخچە و پارکەکانی هەولێر، تەنانەت بۆ بەشێک لە کارگەکان و ناوچە پیشەسازییەکانیش بەکاربێنین.

پرۆژەکە توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی بەفیڕۆچوو و ئاوەڕۆی لە ڕۆژێکدا هەیە.