ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا دەکات

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئامانجە ئەگەرییەکانی لەنێو خاکی ڤەنزوێلادا دیاری کردووە و "لە هەر ساتێکدا" دەکرێت فەرمانی هێرشکردنە سەریان دەربکات، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی فراوانی واشنتن دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەی کاریبی.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "میامی هیرالد" و "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، کە هەردووکیان زانیارییەکانیان لە سەرچاوە باڵاکانی ئیدارەی ئەمەریکاوە وەرگرتووە، ئامانجە دەستنیشانکراوەکان بریتین لە دامەزراوە سەربازییەکان، بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان کە گومان دەکرێت لەلایەن بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕژێمی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلاوە بەکاربهێنرێن.

بەرپرسان جەختیان کردووەتەوە، ترەمپ تا ئێستا بڕیاری لەسەر هێرشی زەمینی نەداوە، بەڵام ئەگەری هێرشێکی ئاسمانی چڕ لە ئارادایە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، ناردنی پەیامێکی ڕوون و توندە بۆ مادورۆ کە "کاتی ئەوە هاتووە دەست لەکار بکێشێتەوە" و هەروەها تێکشکاندنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانە.

سەرچاوەیەک بە "میامی هیراڵد"ی ڕاگەیاندووە: "مادورۆ خەریکە خۆی لە گۆشەیەکدا دەبینێتەوە. ڕەنگە بەم زووانە بۆی دەربکەوێت کە تەنانەت ئەگەر بیشیەوێت، ناتوانێت لە وڵات هەڵبێت. خراپتر لەوەش، ژمارەیەک ژەنەراڵ هەن ئامادەن دەستگیری بکەن و ڕادەستی بکەن."

ئیدارەی ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر مادورۆ زیاد کردووە و لە دوایین هەنگاودا، خەڵاتی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلای بۆ 50 ملیۆن دۆلار بەرزکردەوە، بە تۆمەتی تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

لە ماوەی ڕابردوودا، واشنتن ئامادەیی سەربازیی خۆی لە دەریای کاریبی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، کە بریتییە لە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە. هەروەها کەشتییەکی جەنگیی مووشەکهاوێژی ڕەوانەی پایتەختی ترینیداد و تۆباگۆ کردووە، کە تەنیا نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ڤەنزوێلاوە دوورە. جگە لەوانەش لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، چەندان هێرشی ئاسمانیی دژی ئەو بەلەمانە ئەنجامداوە کە گومان دەکرێت هی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بن. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لانیکەم 43 کەس کوژراون.

نیکۆلاس مادورۆ هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: واشنتن جەنگی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان وەک بیانوویەک بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی ڕژێمەکەی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی نەوتیی وڵاتەکەی. لەم دواییانەدا، مادورۆ لە لێدوانێکدا داوایکرد "تکایە، شەڕێکی شێتانەمان ناوێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment