کوردانی خورماتوو بە هیواوە دەنگ دەدەن
دانیشتووانی شارۆچکەی خورماتوو، بەشداری لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن. هاووڵاتییانی کورد بە جلی کوردییەوە هاتوونەتە بنکەکانی دەنگدان.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند "دانیشتووانی کوردی خورماتوو بە گەرمی و هیواوە بەشداریی دەنگدان دەکەن. ئەوان هیوادارن لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە مافەکانیان دەست بکەوێتەوە."
هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی خورماتوو، دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و دەبێ هەموو کوردێک بەشداری تێدا بکات، بۆ ئەوەی بە مافەکان خۆمان بگەین. من زۆر دڵم خۆشە کە ئەمڕۆ لێرە لە خورماتوو، بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەکەم.
هاووڵاتییەکی دیکە، دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە بۆ داهاتووە، بۆ منداڵەکانمانە. ڕاستە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئوکتۆبەر زۆر لە دانیشتووانی کورد شارەکەیان بەجێ هێڵا، بەڵام ئێستا زۆربەیان گەڕاونەتەوە. من داوایان لێ دەکەم لە پێناو خورماتوو و کوردستاندا بەشداریی دەنگدان بکەن.
شارۆچکەی خورماتوو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، بەڵام ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، لە چوارچێوەی سیاسەتی بە عەرەب کردندا، خستییە سەر پارێزگای دیالە.
بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت، کە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی 329 ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقیان هەیە، لە نێویاندا نۆ کورسی پەرلەمانی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە.
