لە ناوچەی سەدری بەغدا هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوکراوەتەوە

لە ناوچەی سەدری بەغدا کە زۆرینەی دانیشتووانی لایەنگری موقتەدا سەدرن، هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوکراوەتەوە.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو پۆلیسی فیدراڵی و هێزی دژە تیرۆری عێراقی لە ناوچەی سەدر بڵاوکراونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە دەروازەکانی ناوچەکەش هێزێکی سەربازی زۆر دەبیندرێن.

دیلان بارزان، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی لە بەری کەرخی بەغدا چەند بنکەیەکی دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەستنیشان کراون بۆ ڕۆژنامەنووسان بە مەبەستی ڕووماڵکردنی پرۆسەی دەنگدان، بەڵام لەبەری ڕەسافە کە ناوچەی سەدری لێیە، هیچ بنکەیەکی دەنگدان بۆ ڕووماڵکردن دەستنیشان نەکراوە.

بڵاو کردنەوەی ئەم هێزە زۆرە هۆکارەکەی ئەگەری خۆپیشاندانە بە تایبەتی دوای ئەو پەیامەی کە موقتەدا سەدر دوێنێ شەو بڵاوی کردەوە و بەشێکی بریتی بوو لەوەی داوای لە لایەنگرانی کردبوو لە ماڵەکانیان بمێننەوە و عیبادەت بکەن، بەڵام لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی گوتی، "ئێوە ساز و ئامادە بن بۆ هەر ڕێنماییەکی گشتی و تایبەتی کە پێتانی دەدەم".

ئەوەش وادەکات کە لایەنگرانی سەدر لە ئامادەباشی دابن بۆ هەر ڕێنوێنییەک کە لەلایەن سەدرەوە پێیان بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment