گوتەبێژی پارتی: شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەگۆڕین

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئێمە شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جیاواز دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن هەمان بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ لایەنەکان جیاواز دەبێت لەو شێوازەی کە پێش هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

مەحموود محەممەد گوتیشی: خەڵکی کوردستان دەنگیان دابوو بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکوومەت پێکبهێنرێت و دەبێت ئومێدی خەڵکی کوردستان بێتە دی.

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت کە ماددەی 140 و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش لەخۆ دەگرێت و مافی خەڵکی کوردستانن و دەبێت هەموویان بەیەکەوە جێبەجێ بکرێن و هیچی دیکە قبووڵ ناکەین هەندێک ماددەی دەستووری جێبەجێ بکرێت و هەندێکی پێشێل بکرێت.

باسی لەوەشکرد، 53 ماددەی دەستووری هەن کە تا ئێستا یاسایان بۆ دەرنەچووە، هەروەها کۆمەڵێک دامەزراوەی زۆر گرنگی حکوومەتی فیدراڵی هەن، کە فیدراڵییەت بەرجەستە دەکەن و تا ئێستا هەر بوونیان نییە.

مەحموود محەممەد، لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا گوتی: هاوپەیمانی سەخت نابێت ئەگەر عەقلییەتی هەموو لایەنێک بگاتە ئەوەی لەمەودواعێراق تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراوی نەتەتەوەیی یاخود مەزهەبی بەڕێوەناچێت، بەڵکوو دەبێت هەموو لایەنە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەیەکەوە عێراق بەڕێوەببەن چونکە ئەزموونی حوکمی تاکلایەنە پێشتر شکستی هێناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتیی کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بێت، هەروەها لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 7744 کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن .

 
 
Fly Erbil Advertisment