ڕێباز حەملان: تا ئێستا مووچەی مانگی نۆ نەهاتووە، چونکە دەستوور جێبەجێ نەکراوە

ڕێباز حەملان: دەنگدان گرنگە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و بە شێوەی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی کارەکان باش دەڕۆن. سوپاس بۆ کۆمیسیۆن کە توانیویەتی ئەو گرفتە تەکنیکیانە چارەسەر بکات کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا هەبوون، وەک نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر."

دەشڵێت: "هیوادارین هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکەن، چونکە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە بۆ ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان. لە دوای ئەم قۆناغە، دەبێت کاری جددی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت، کە بنەمای پێکەوەژیانی هەموو عێراقییەکانە."

ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەشدا "تا ئێستا بەشێک لە بڕگەکانی دەستوور نەکراونەتە یاسا و پێویستە لەم خولەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بکرێنە یاسا، تاکوو مافی کورد بەدەست بهێنین، بەتایبەت بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. کێشەی مووچەی مووچەخۆران یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکان؛ وەک دەبینن ئێمە لە مانگی 11داین و تا ئێستا مووچەی مانگی نۆ نەهاتووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، ئەم کێشە و گرفتانە ڕوویان نەدەدا."

ڕاشیگەیاند، "هیوادارین خەڵکی کوردستان بەشداریی ئەم دەنگدانە بکەن، تاکوو سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبێت و زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگریی لە مافەکانمان بکەین."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.

ناوەندەکانی دەنگدا لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و بڕیارەی پرۆسەی دەنگدان تاوەکوو 6:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت. سەرجەم بنکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاری دەکرێن، هاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment