سەربەست لەزگین: بەرپرسیاریەتییەکی گەورە لەسەر شانمانە و پێویستە هەموومان بەشداری بکەین
بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک ڕایگەیاند، بەرپرسیارییەتییەکی گەورە لەسەر شانمانە و پێویستە هەموومان بەشداری هەڵبژاردن بکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، سەربەست لەزگین، بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک دوای ئەوەی دەنگی دا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "داوا لە هەموو دانیشتوانی دەڤەری بادینان دەکەم لە کریستیان و موسوڵمان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان کە بەیەکەوە دەژین لەسەر خاکی کوردستان، ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتییەکی گەورە لەسەر شانماندایە و پێویستە هەموومان بەشداری بکەین بۆ بڕیاردان لە ئایندەی خۆمان و نەخشەدانان و داڕشتنی سیاسی ئایندەی هەرێمی کوردستان و داهاتووی گەلەکەمان."
سەربەست لەزگین، ئاماژەی بەوەش دا، دەنگدان هەم ئەرکە و هەم بەرپرسیاریەتی، هەمیش مافێکی سروشتی و ئایینی و نیشتیمانییە، داواش لە هەموو دەنگدەران دەکەین تا کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەو کاندیدانە هەڵبژێرن کە خەڵک و خاک و پرسی کورد دەپارێزن.
هەروەها سەربەست لەزگین ئاماژەشی دا، بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و ئارام بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش ڕۆژی دەنگدان و ئەنجامە، بۆیە ئەمڕۆ داواکارین لە جەماوەر و لایەنگرانی خۆمان وەکوو هەموو جارێک لەو دۆخە هەستیارەدا دووبارە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکەن و دەنگ بە نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆیان بدەن، بەو لایەنەی کە دادپەروەر بێت و بتوانێت لە ئایندەدا بەرگری لە کوردستان و کێشەکانی بکات.
سەربەست لەزگین گوتیشی: لەو باوەڕەدام ڕێژەی بەشداری دوای کاتژمێر 2:00، زیاتر بێت و پێشبینی ئەوە دەکەین کە چۆن لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەشداری لە بادینان زیاتر لە 76 % بوو، بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی عێراقیش ڕێژەی بەشداری دەڤەری بادینان زیاترین بێت.
