لە خورماتوو سەربازێکی عێراق پەلاماری گەنجێکی کورد دەدات
لە ناوجەرگەی خورماتوو، سوپای عێراق هێزێکی زۆری بە ناوی پاراستنی ئاسایشی پرۆسەی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام سەربازێک پەلاماری گەنجێکی کورد دەدات بەهۆی ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگردووە.
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆ و زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە نزیک قوتابخانەی ئیبن خەلدوون لە شارۆچکەی خورماتوو، گەنجێکی کورد بەھۆی ھەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراق پەلامار دراوە و بە قۆنداخی کلاشینکۆفەکەی لێیدەدات.
جیا لەم گەنجە کورد، چەند ئافرەتێکی کوردیش هەر لە خورماتوو بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لەلایەن سەربازانی سوپای عێراق و گرووپە میلیشیاکانەوە سووکایەتیان پێکراوە.
شارۆچکەی خورماتوو دەکەوێتە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی لە هەر سێ نەتەوەی کورد، تورکمان و عەرەب پێکهاتووە، هەرچەندە تاوەکوو دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شارۆچکەکە سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، ئەوکاتە زۆرینەی دانیشتوانەکەشی کورد بوون، بەڵام دوای 1976 لە ڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەددین و بە تایبەتیش دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، پاش هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، تاوەکوو ئێستاش هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی خورماتوو سووکایەتی و ستەمیان لێدەکرێت.
