پشتیوان سادق: دوای کاتژمێر و نیوێکی دیکە سەرکەوتنێکی گەورە ڕادەگەیەنین
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای کاتژمێر و نیوێکی دیکە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنن.
سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە کۆیە هەندێ پێشێلکاریی هەبووە بەرانبەر پارتییەکان کراوە، بەڵام پرۆسەکە بەگشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر گوتی: زۆر ڕۆیشتووە و کەم ماوە، داوا لە هەڤاڵانی خۆمان دەکەین ئەو ماوەی ماوە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی پشکیان لەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی بەربکەوێت کە دوای کاتژمێر و نیوەکە ڕادەگەیەندرێت.
پشتیوان سادق سوپاسی ئۆرگانەکانی پارتی کرد کە بەشدارییەکی کارایان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق کردووە، گوتی: ئەو نوێنەرەی سەرکەوتوو دەبێت، دەبێتە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان نەوەک لایەنێکی دیاریکراو.
دەشڵێت: دروشمی ئێمە ئەوەیە، ئەوەی دەیڵێین، دەیکەین، ئەوەی کردوومانە، ئەرک بووە، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەولێر دەزانین.
پشتیوان سادق ئاشکرای کرد، زۆرینەی ئەوانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لە هەولێر دادەنیشن، زوو گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن، ئەو ژمارەیەش زۆرە.
