فڕۆکەیەکی سەربازی تورکیا بە ژمارەیەک سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە
فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی تورکیا بە 20 سەرنشینەوە لە نزیک سنووری ئازەربایجان لە خاکی جۆرجیا کەوتە خوارەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێس، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و چارەنووسی سەرنشینەکان ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەرپرسانی دیکەی باڵای جۆرجیا و ئازەربایجان ئاماژەیانداوە، بەشێک لەسەرنشینەکانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەمبارەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئەو فڕۆکەیەی کەوتووەتە خوارەوە لە جۆری C-130 لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بووە بۆ تورکیا، بەڵام کەوتووەتە خوارەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، تیمی فڕۆکەکە و سەرنشینەکانی دیکەی فڕۆکەکە لە 20 سەرباز پێكهاتوون.
هاوکات عەلی یەرلیکای وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری جۆرجیا گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و پرۆسەی گەڕان بەردەوامە و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیا لە زاری دەستەی فڕۆکەوانی جۆرجیا بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکە سەربازییەکەی تورکیا چەند خولەکێک دوای دەربازبوونی بە ئاسمانی جۆرجیا پەیوەندیی پچڕاوە و هیچ پەیامێکیشیان نەداوە بۆ ئەوەی هاوکاریان بکرێت.
