نەعیم قاسم: حزبوڵڵا چەک دانانێت
شێخ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، جەختی کردەوە، حزبەکەی دەستبەرداری چەکەکانی نابێت و داواکارییەکانی ئەمەریکای لە لوبنان بە "فەرمان" وەسف کرد کە "لە ڕێگەی فشارەکانی ئیسرائیلەوە جێبەجێ دەکرێن."
قاسم لە لێدوانێکیدا هێرشی کردە سەر نوێنەری ئەمەریکا و گوتی: "تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا، بە ئاشکرا گوتی کە دەیەوێت سوپای لوبنان پڕچەک بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گەلی خۆی ببێتەوە. حکوومەت چۆن ئەمە قبوڵ دەکات؟ ئەگەر باشوور خوێنی لێ بڕژێت، ئەوا خوێن ڕشتنەکە بەهۆی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هەموو لوبنان دەگرێتەوە."
ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا مەرجەکانی حزبوڵڵای بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست تەنیا پەیوەندی بە ناوچەی باشووری لیتانییەوە هەیە. پێویستە ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە و دیلەکان ئازاد بکات. هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئەم ڕێککەوتنە نییە و ڕێککەوتنێکی نوێش داگیرکارییەکە لەبیر ناکات. دەبێت سەرەتا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، دواتر هەموو دەرگاکان کراوە دەبن بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی سەبارەت بە هێز و سەروەریی لوبنان، و دەوڵەتە زلهێزە بیانییەکان هیچ ڕۆڵێکیان لەم گفتوگۆیانەدا نابێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، هەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، کە بە واتای داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا دێت، سەرەڕای فشارەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل شکستی هێناوە. هاوکات، ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئیسرائیل لە ئامادەکاریدایە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر بنکەکانی ئەو گرووپە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوە، کە ساڵێک لەمەوبەر بە سەرپەرشتی ئەمەریکا و فەرەنسا واژۆ کرابوو.
عەون ڕەخنەی لە پابەندنەبوونی ئیسرائیل گرت و گوتی: "بەداخەوە، بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، دەبوو ئیسرائیل 60 ڕۆژ دوای جێبەجێکردنی، بە تەواوی لە باشوور بکشێتەوە. کەچی تا ئێستاش بەردەوامە لە داگیرکردنی پێنج گرد و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان پەرەپێدەدات، هاوکات هەڕەشەکانی ڕۆژانەی بۆ سەر وڵاتەکەمان زیاد دەکات."
ڕێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل پابەندی نەبووە و هێزەکانی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشووری لوبنان و لە پێنج خاڵی ناو خاکی لوبناندا جێگیرن.
