سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: سەرەڕای قەیرانەکان، بوژانەوەیەکی بەرچاو لە کەرتی وەبەرهێناندا بەدی هاتووە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، "دەنگدان بە پارتی بە واتای ئەوەیە کە باری پارتی قورستر کردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خزمەتی زیاتری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات."

گوتیشی: مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فراکسیۆنی پارتی لەناو حکوومەت، هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە: "هەرکاتێک هەوڵی خزمەتکردنتان دا، پێشتر بچن خزمەتی سلێمانی بکەن." ئەمە فەرمانی ناوبراو بوو بۆ وەزیرانی پارتی کە لە تیمی کابینەکەیدا بوون، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان. بێگومان ئەم ڕێنوێنییە دەرئەنجامی باشی هەبووە. سەرۆک وەزیران هەمیشە بیری لەوە کردۆتەوە چۆن بتوانرێت بە نموونەیەکی بەهێز، بنەمای کیانێکی بەهێزی کوردستان بنیات بنرێت. لە پێشینەکانیشی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری، ڕێگاکان، کارەبای 24 کاتژمێری و دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ هاووڵاتیان بووە.

هەروەها سیاسەتی سەرۆک وەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ڕوون بوو لەوەی کە کەرتی تایبەت ببێتە شەریکێکی ڕاستەقینە لە ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغەکانی ڕابردوودا و لە ئێستا و لە داهاتووشدا. ئەم ڕاستییەش ئەنجامەکانی دەیسەلمێنن: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، 596 پڕۆژە تەواو کراون و 740 پڕۆژەی نوێی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، نزیکەی 50%ی کۆی گشتیی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی نێوان ساڵانی 2006 تا 2019 پێکدەهێنێت.

گوتیشی: ئەم ژمارانە دەرخەری ئەوەن کە سەرۆک وەزیران، حکوومەتی هەرێم، دامودەزگاکانی حکوومەت و دەستەی وەبەرهێنان ویستوویانە بە دروستی کەرتی تایبەت ببێتە شەریکێکی کرداری لە ئیدارەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لەم ئاستەدا، لە ڕێگەی ژمارەی زۆری پڕۆژەکانەوە لە هەموو سووچێکی کوردستان، باری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا سووک کرد. لەبەر ئەوەی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی وەگەڕخستن کەم بوو، بەتایبەت دوای بڕینی بودجە لەلایەن عێراقەوە، پشت بە داهاتی ناوخۆ بەسترابوو. داهاتی ناوخۆش بەهۆی قەیرانەکان، دابەزینی نرخی نەوت و دوو ساڵ پەتای کۆڤید-19 کەم ببووەوە. بەڵام سیاسەتی حکوومەت بە ئاراستەی دۆزینەوەی شەریکێکی دروست (کە کەرتی تایبەتە)، بووە هۆی ئەوەی پڕۆژەکانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بەرچاو بن و لە هەموو کەرتەکان پێشکەوتنێکی باش بەدی بهێنرێت.

ڕاشیگەیاند، کۆمەڵێک ئاڵنگاری زۆر گەورە هەبوون. مەترسیدارترینیان لەسەر ئیدارەکردن و بەڕێوەبردن، بڕینی بودجە بوو؛ چونکە کاتێک بودجەی پێویستت لەبەردەستدا نەبێت، ناتوانیت کاری زیاتر بکەیت. بەڵام سەرۆک وەزیران هەمیشە هەوڵی داوە بە بودجەیەکی سنووردار، خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتیان بکرێت. هەروەها، لەگەڵ دەستپێکی کابینەکەدا، پەتای کۆڤید-19 سەری هەڵدا و نرخەکانی نەوت دابەزین، تا ڕادەیەک کە لە هەندێک حاڵەتدا نرخەکانی نەوت لە ژێر سفر بوون و بە نرخێکی نەرێنی (سالب) دەفرۆشران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment