عێراق.. ژمارەیەک گرووپی نێو لیستی تیرۆری ئەمەریکا، 47 کورسیی پەرلەمانیان بە دەست هێناوە

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، هاوکێشەیەکی سیاسیی ئاڵۆزی خولقاندووە کە داهاتووی وڵاتەکە ڕووبەڕووی نەخشەیەکی نادیار دەکاتەوە. لە دیارترین پێشهاتدا، ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی، کە پێشتر لە لایەن ئەمەریکاوە خراونەتە "لیستی تیرۆر"ـەوە، پێکەوە 47 کورسییان لە پەرلەمانی عێراقدا مسۆگەر کردووە.

لە کۆی ئه‌و گرووپه‌ی چەکداره‌ عێراقییانه‌ی سەر بە حەشدی شەعبی، کە لە لایەن ئەمەریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، چوار گرووپیان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی وڵاتەکە، 47 کورسییان بە دەست ھێناوە، ئه‌وانیش بريتين له؛

‌ - بزووتنەوەی "سادیقون"ی سەربە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق به‌ سه‌رۆكایه‌تی قەیس خەزعەلی.

 - بزووتنەوەی "حقوق" سەر بە حزبوڵڵای عێراق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەمیداوی.

- بزووتنەوەی "مونتەسیرون" سەر بە کەتائیبی سەید شوھەدا بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی.

- بزووتنەوەی "خەدەمات" سەر بە کەتائیبی ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی.

- بزووتنەوەی "بابلیۆن" بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی.

سەرەڕای بەدەستهێنانی ئەو ژمارە کورسییە، بەڵام بەربەستێکی گەورە لەبەردەم بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەیە. پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندبوو، کە "ئەو گرووپانەی لە لایەن ئەمەریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بەشداریی لە حکوومەتی داهاتوودا ناکەن."

ئێستا عێراق لە بەردەم گرنگترین تاقیکردنەوەی دوای هەڵبژاردندایە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەدا دەکات کە لە لایەک نوێنەرایەتیی بەشێک لە دەنگدەران دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی وەک هەڕەشە سەیر دەکرێن، ئەمەش چارەنووسی پێکهێنانی حکوومەت و سەقامگیریی وڵاتی خستووەتە نێو گێژاوێکی سیاسیی قووڵەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوون.

چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەنجامی بەرایی هەردوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتی ڕاگەیاند.

هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 56.11% بوو.

ڕۆژی 17ـی مانگی ئەیلوولی 2025 ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەریەک لە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوھەدا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی خستە نێو لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment