تۆم باراک: هەڵەکانی سایکس-پیکۆ دووبارە ناکەینەوە
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ڕابردووی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و ڕایگەیاند، ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆوە ئێمەی گەیاندووەتەوە ئەو دەرئەنجامە خراپە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا لە میانی بەشداریی کردنی لە کۆڕبەندی دەوحە ڕایگەیاند: لەدوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆوە، هەموو ئەو بڕیارانەی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەپاندووە، لە جێگەی ئەوەی ڕێگە بدات گەلانی ناوچەکە خۆیان گەشە بکەن، بڕیاری هەڵە بوون.
باراک ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ناوچەکە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتانەیە و گوتی: ئێستا ئێمە لەبەردەم دەرئەنجامی ئەو هەڵانەداین.
سەبارەت بە دۆسیەی سووریا و تێڕوانینی سەرۆکی ئەمەریکا، تۆم باراک باسی لەوە کرد، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، دۆناڵد ترەمپ، پێی وایە پرسی سووریا پەیوەندی بە مشتومڕی نێوان ناوەندی و فیدراڵیزمەوە نییە، بەڵکوو پرسەکە پەیوەستە بە سەرکردایەتییەوە و گوتیشی: ترەمپ دەرفەتی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوە تا خۆی ببێتە داڕێژەری وڵات و سیاسەتی خۆی.
تۆم باراک جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دەستوەردان لە شێوازی حوکمڕانی ناکات و ئێمە ڕێگە بە سووریا دەدەین خۆیان ڕێگەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوەی لەسەرمانە تەنیا بریتییە لە هاوکاریکردنی سووریا بۆ ئەوەی خاوەنی سیستەمێکی گشتگیر بێت کە هەمووان لە خۆ بگرێت.
