فوئاد حوسێن: بەم زووانە لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕێک دەکەون
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، داوایان لە ئەمەریکییەکان کردووە، بڕیاری هۆشداریی چوونی هاووڵاتییانیان بۆ عێراق هەمووار بکەنەوە.
یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی دەوحە لە قەتەر گوتی: هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕوونە، بەڵام ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەستە بە دەستووری عێراق، هەروەها جەختی کردەوە، ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوخۆدا ئەنجامدەدرێن، تەواو جیاوازن لەو گوشارانەی لە دەرەوە دەکرێن و بە ئەمەریکییەکانیشیان ڕاگەیاندووە، سیستەمی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: عێراق پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە. پێشبینیشی کرد، بەم زووانە لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن.
سەبارەت بە پرسی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت دابێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەیاندا لەگەڵ ئەمەریکییەکان، داوایانکردووە، بڕیاری هۆشداری چوونی هاووڵاتییانیان بۆ عێراق هەمووار بکەنەوە.
ئەمەریکا لە بوونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق نیگەرانە و لەماوەی ڕابردووشدا، چەند جارێک داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە بکات و چەک تەنیا لە کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق دابێت.
لە بارەی چەکدانانی گرووپەکان محەممەد شیاع سوودانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕۆژی دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ڕایگەیاندبوو، چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق پەیوەندی بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە هەیە لە خاکی عێراق.
