فوئاد حوسێن بۆ باراک: حکوومەتی عێراق لە لێدوانەکانت سەبارەت بە دۆخی وڵاتەکە نیگەرانە
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەزموونی دیموکراسی و فیدراڵیزمی وڵاتەکەی وەک نموونەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان خستە بەردەم نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا، هاوکات نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە خوێندنەوەی هەڵە بۆ دۆخی ناوخۆی عێراق و ڕایگەیاند سەردەمی دیکتاتۆرییەت بەسەرچووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ڕۆژی یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی دەوحە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبووەوە و پەیامی حکوومەتی عێراقی سەبارەت بە سیستەمی حوکمڕانی گەیاندە ئەو نێردە ئەمەریکییە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن نیگەرانی حکوومەتی عێراقی بەرانبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق کە باسی لە شکستی مۆدێلی ڕۆژئاوا کردبوو نیشاندا.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە بەرپرسە ئەمەریکییەکەی ڕاگەیاند: دیموکراسی و سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا چەسپێندراون و بوونەتە ڕێچکەیەکی جێگیر کە جێگرەوەیان نییە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی بوونیان هەیە. جەختیشی کردەوە عێراق دەستبەرداری بژاردەی دیموکراسی و بنیاتنانی دامەزراوەکان نابێت و بە هەموو شێوەیەک دیکتاتۆرییەت ڕەت دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت: لە بەرامبەردا، تۆم باراک ڕوونکردنەوەی دا و ئاماژەی بەوە کرد ئیدارەی ئەمەریکا بە ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەزموونی عێراق، گوتیشی: ئەو لێدوانانەی باسم کردوون پەیوەست بوون بە لایەنی ئەزموونی ئەمەریکا خۆی لە عێراقدا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا؛ فوئاد حوسێن ئامادەیی عێراقی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و گواستنەوەی ئەزموونی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان بە ئامانجی چارەسەری دۆخی سووریا. جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی دیالۆگی نیشتمانی و بەشدارپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسیدا.
لای خۆیەوە تۆم باراک، وێڕای ستایشکردنی دیدگای مێژوویی و سیاسیی وەزیری دەرەوەی عێراق، دووپاتی کردەوە دەبێت بە دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکرێت و دۆزینەوەی چارەسەریش پرسێکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی گەلی سووریا.
وەزارەتەکە ئاماژەشی داوە، لە کۆتاییدا هەر دوو لا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتن کرد و ڕۆڵی ئەمەریکایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەرز نرخاند.
