كاردانەوەی هانزی فلیك دوای ئەوەی ناوی ریال مەدرید هات
فلیك حەز ناكات گوێی لە ناوی ریال مەدرید بێت
بارسێلۆنا دوای شەش بردنەوەی لەسەر یەک و بۆ مانەوەی لە لوتكە میوانداریی ئۆساسۆنا دەکات، هانزی فلیك، راهێنەری بارسێلۆنا جەخت لەوە دەكاتەوە رووحیەت و كوالیتی یاریزانەكانی گەیشتووەتە لوتكە، دەشڵێت: تكایە لەبارەی ریال مەدرید هیچ پرسیارێكم لێ مەكەن.
ئەمشەو كاتژمێر 08:30ـی بەكاتی هەولێر، لە گەڕی حەڤدەیەمی لالیگا، بارسێلۆنا لە كامپ نوو میوانداریی ئۆساسونا دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە بارسا بە جیاوازیی چوار خاڵ لەپێشەوەی ریال مەدریدی دووەم دێت.
بارسێلۆنا دوای گەڕانەویە بۆ یاریگای کامپ نوو سەرجەم یارییەکانی لە یاریگایەکەی بردووەتەوە و ئێستا بارسا بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە، بلاوگرانا لەدوای دۆڕانەکەی کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید، شەش یاری لە لالیگا کردووە سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، هەر یەکە لە رۆناڵد ئاراوخۆ و فێرمین لوپێز، بەهۆی پێکان بانگهێشت نەکراون و بەشداری یارییەکە ناکەن.
بارسێلۆنا لە چوار یاری رابردووی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتتیەکان براوە بووە و دوایین دۆڕانیشی بەرامبەر چێڵسی، لە گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ بووە، لە بەرامبەردا ئۆساسۆنا لە دوایین سێ یاری رابردووی تووشی دۆران نەبووە.
پوختەی لێدوانەكانی هانزی فلیك
من بۆ باسكردنی بارسێلۆنا لێرەم و قسە لەسەر هیچ شتێكی ریال مەدرید ناكەم، بابەتی ئارامنەگرتن لەسەر راهێنەرەكانیش بابەتێكی زۆر قوڵە و دەتوانم قسەی زۆری لەسەر بكەم بەڵام وەكو گووتم هیچی لەسەر ناڵێم و بابەتی من نییە، پێمخۆش نییە ناوی ریال مەدرید بێنن. پێشتر گوتوومە كێ گۆڵپارێزی یەكەمە و باسی گۆڵپارێزی دووەم و سێیەمم نەكردووە، متمانەی تەواومان بە خوان هەیە و بە گۆڵپارێزی یەكەم دەمێنێتەوە، متمانەشمان بە شتیگن و چێزنیش هەیە بەڵام لای ئێمە گۆڵپارێزی یەكەم یەكلایی بووەتەوە، بوونی ماركۆس راشفۆرد لەسەر كورسی یەدەگ، دەرخەری ئەوەیە كوالێتی یاریزانەكانم زۆر بەرزە، دەتوانم بڵێم بەمانای ووشە راشفۆرد پیشەگەرە، لە شوێنەكەی ئەویش چەندین یاریزانی نایابمان هەیە، راشفۆردیش روحییەتێكی زۆر گەورەی هەیە و یاریزانێكی زۆر پیشەگەرە، لە سەرەتا هەندێ كاتی پێویست بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ خولەكە رابێت، ئێستاش لە ئەوپەڕی ئاستی خۆیەتی، بوونی ركابەری لە هەر شوێنیكی یاریگە لە نموونەی فێران تۆرێس و لیڤاندۆڤسكی بۆ یانەكە و خۆشیان باشە، لەبەر ئەوەی هەمیشە ناچارن بە ئەوپەڕی ئاستی خۆیان یاریی بكەن، ئەوەی لە چوار بۆ پێنج هەفتە لەو دووانەم بینی زۆر نایاب بوو.
