میدیای ئیسرائیل: هێزەکەی غەززە تەنیا عەرەبی نابێت
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەوە ئاشکرای کرد، پێکهاتەی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" لە کەرتی غەززە تەنیا لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی سنووردار نابێت، بەڵکو پێچەوانەی پلانە سەرەتاییەکان فراوانتر دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لانی کەم وڵاتێکی ئەوروپی ئامادەیی نیشان داوە هێز ڕەوانەی غەززە بکات، لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵ دەدات ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان زیاتر بکات. هەندێک وڵاتی دیکەش ئامادەییان بۆ مەشق، ڕاهێنان و دابینکردنی بودجە دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی مەترسیی پێکدادان لەگەڵ حەماس، لە ناردنی هێزی سەربازی دوودڵن.
بەگوێرەی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیارە سەرەتا هێزەکە لەو ناوچانە جێگیر بکرێت کە دەسەڵاتی حەماس تێیاندا لاوازە یان دانیشتووانەکەی دژی بزووتنەوەکە نین.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشداریکردنی هێزەکانی تورکیا وەک گەرەنتییەک سەیر دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەشە هەستیارەکەی پلانەکە، کە خۆی لە چەکداماڵین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس دەبینێتەوە. هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نییە حەماس چەکەکانی ڕادەستی کێ دەکات و کەی پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ترەمپ بەنیازە ژەنەڕاڵێکی ئەمەریکی بۆ سەرکردایەتیکردنی هێزی هاوکاریی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە غەززە دەستنیشان بکات؛ هەنگاوێک کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 10ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا باسی لێوە نەکرابوو.
