ژینگەپارێزان: زاگرۆس ماڵی ئێمەیە

هەڵمەتی زاگرۆسانەی ئەنجوومەنی سەوزی چیا بۆ چاندنی بەڕوو لە دارستانەکانی زاگرۆس لە نێوان گوندەکانی کاڵ و دەگاشێخان بەڕێوەچوو.

بەگوتەی ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجوومەنەکە، دوای 7 ساڵ دەستبەکاربوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە، زیاتر لە 120 رێکخراو لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا چالاکن. ئەم هەڵمەتە باشووری کوردستانیشی گرتووەتەوە و ئەمساڵ هەندێک لە رێکخراوەکان لە هەولێر، قەڵادزێ، پێنجوێن و شوێنەکانی دیکەش ئامادەکارییان بۆ هەڵمەتی زاگرۆسانە کردووە.

گەلاوێژ قادری، ژینگەپارێز، بە  کوردستان24ـی گوت: زاگرۆس، ماڵی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی ئێمەیە. بەڕووی زاگرۆس ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیەی پاراستووە و لە کاتی نەبوونیدا وەک نان خواردوویانە. بۆیە پاراستنی ژینگەی زاگرۆس، ئەرکی سەرشانی هەمووانە.

فەرهاد مەولوودی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، دەڵێت: پتر لە دوو هەزار شوێنمان لە دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان و سەرجەم پارێزگای کوردستان دەستنیشان کردووە، کە داگیرکراون و پرۆژەی نایاساییان تێدا کراوە؛ سکاڵامان گەیاندووەتە دەزگای دادی مەریوان و سنە و تەنانەت تارانیش، بەڵام تا ئێستا کەس وەڵامی سکاڵاکانی ئێمەی نەداوەتەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، منداڵانیش وێڕای دایک و باوکیان بە جلی کوردییەوە بەشداریی هەڵمەتەکەیان کردووە و خزمەتکردن و پاراستنی ژینگە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.

ژیندا پۆرسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، بەدەم خوێندنەوەی شیعرێکەوە، دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە بەشداری هەڵمەتی زاگرۆسانەم کردووە، چونکە ئەم دار بەڕووانە سوودێکی زۆریان بۆ نیشتمان هەیە.

سەرباری ئەوەی ساڵانە هەزاران بەڕوو لە دارستانەکانی زاگرۆس دەچێنرێن، بەڵام هەموویان ناڕوێن و تەنیا 20-30% لە دۆخێکی گونجاودا سەوز دەبن.

 ژینگەپارێزان دەڵێن بە سووتاندن، دروستکردنی شەقام، بەنداو و کانی زێڕی سەقز، گۆڕانی کەشوهوا، زۆربوونی نەخۆشییەکان و زۆر هۆکاری دیکە مەترسی دەخەنە سەر ژینگەی دارستانەکان.

 ئەم ئەنجوومەنە زیاتر لە 3 هەزار ئەندامی چالاکی لە مەریوان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و ناوچەکە زیادیان کردووە و ئەمساڵ زیاتر لە 300 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچانە ڕوویان داوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل