شارەدێی لەیلان.. لافاو سەدان خێزانی دەربەدەر کردووە
بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان ڕایگەیاند، بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، سەدان خێزان لە لەیلان زیانی پێگەیشتووە، هەروەها ژمارەیەک ماڵ ژێر ئاو کەوتن و زیان بە موڵکی گشتی و تایبەت گەیشتووە و کاریگەریشی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەیلان هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد وەیس موسەوی، بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک گەڕەکی نیشتەجێبوونی گرتەوە، زیانی بە 300 خێزان گەیاندووە، ئێمەش ڕێکاری بەپەلەمان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان گرتووەتەبەر."
ئاماژەی بەوەشکرد، “فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لیوا ڕوکن ساڵح حەرز، ڕێڕەوێکی نوێی بۆ لافاوەکە لە ناو دۆڵی خدر بولاق کردەوە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن بوو لە دووبارەبوونەوەی لافاو و زیان گەیاندن بە خەڵک.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە "یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی ئاوەڕۆی ئاوی باران و لافاو، کەمکردنەوەی فشار لەسەر کەناڵە کۆنەکان، هەروەها پاراستنی ژێرخانی و ڕێگا سەرەکییەکان لە داڕمان یان زیان".
بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلان، باسی لەوەشکرد، کار بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان دەکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
لە سێشەممەی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگای کەرکووکی گرتەوە و بووە هۆی لافاو و زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددی لێکەوتەوە، جگە لە داڕمانی پردە سەرەکییەکان و داخرانی ڕێگا سەرەکییەکان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە.
